پەیامی کورد... سێنتکۆم: حەوت هەزار دەستبەسەرکراوی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە
پێیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو چەکدارە بیانیانەی سەر بە ڕێکخراوی "داعش"ن بە شێوەیەکی کاتی لە عێراق دەستبەسەر دەکرێن، جەختیشی کردەوە کە وڵاتە ڕەسەنەکانیان داواکراون بەوەی وەریانبگرنەوە و لەسەر خاکەکەیان دادگایییان بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی ئەمریکی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆسەی گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی ڕێکخراوی "داعش" لە سووریاوە بۆ عێراق کۆتایی پێدەهێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژانە سەدان دەستبەسەرکراوی ناو زیندانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی سنووری سووریا-عێراقەوە دەگوازرێنەوە، وەک ئەوەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە ڕوونی کردەوە کە واشنتۆن ئەولەویەتێکی تایبەت دەدات بە گواستنەوەی ئەو دەستبەسەرکراوانەی لە پۆلێنی "مەترسیدارترین" دان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانە هەڵگری ڕەگەزنامەی جۆراوجۆرن، لەوانەش وڵاتانی ئەورووپا.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە یاساییەکانی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو چەکدارانی داعشەی تا ئێستا لە سووریاوە بۆ عێراق گوازراونەتەوە هەڵگری ڕەگەزنامەی جیاوازن، عێراقییەکان زۆرینەیان پێکدەهێنن، لەگەڵ دەستبەسەرکراوانی عەرەبی وڵاتانی دیکە، جگە لە هاووڵاتیانی بەریتانیا، بەلجیکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و سوید.
لە هەمان چوارچێوەدا، مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ستایشی ڕۆڵی عێراقی کرد لە پێشوازیکردن لەو دەستبەسەرکراوانە، و جەختی کردەوە کە تیرۆریستە ناعێراقییەکان بە شێوەیەکی کاتی لە عێراق دەمێننەوە. ڕووبیۆ وتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە هاندانی وڵاتانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکانیان هەڵبگرن و هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکانیان وەربگرنەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دادگاییکردنیان لە وڵاتەکانی خۆیان.
لە سەر ئاستی عێراقیش، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، عێراق یەکەم وەجبەی دەستبەسەرکراوانی ڕێکخراوی "داعش"ی لە زیندانەکانی سووریاوە وەرگرتووە کە ١٥٠ کەسن. ڕوونی کردەوە کە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی ڕەزامەندی داوە لەسەر وەرگرتنی چەکدارانی ڕێکخراوەکە لە عێراقییەکان و ڕەگەزنامەکانی دیکە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی سووریا و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی ڕادەستکردنەکە بە کردەیی دەستیپێکردووە، و دواتر ژمارەی وەجبەکانی داهاتوو بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمنی و مەیدانی دیاری دەکرێت، بە ئامانجی گەمارۆدانی مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو دەستبەسەرکراوانە، کە هەندێکیان لە سەرکردەکانی ڕیزی یەکەمی ڕێکخراوەکەن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" ڕۆژی چوارشەممە دەستپێکردنی ئەرکی گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی ڕێکخراوی "داعش"ی لە سووریاوە بۆ عێراق و دانانیان لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی پارێزراو ڕاگەیاندبوو. لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی و لە سەروویانەوە عێراق دەکات، و ئەم هەنگاوەی بە پێویست زانی بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتن کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بکات.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو دەستبەسەرکراوانەی داعش کە لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ناوخۆی عێراق دەگوازرێنەوە، بگاتە نزیکەی ٧ هەزار دەستبەسەرکراو.