وەزارەتی بەرگریی تورکیا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چیای گارەی ڕاگەیاند

Dîroka Belavkirin :
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چیای گارەی ڕاگەیاند

پەیامی کورد … وەزارەتی بەرگریی تورکیا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چیای گارەی ڕاگەیاند

 

خلووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند ئۆپەراسیۆنی (پەنجەی هەڵۆی ٢) پاش چەند ڕۆژ لە چیای گارە کۆتایی پێ هاتووە و هێزەکانیان گەڕاونەتەوە جێگەی خۆیان.

 

ئاماژەی بەوەش داوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا لە چیای گارە 48 گەریلای پەکەکە کوژراون و دوو گریلای دیکەش بە دیل گیراون.

 

خلووسی ئاکار لەو لێدوانەدا ڕاشی گەیاندووە لە ئۆپەراسیۆنی (پەنجەی هەڵۆی ٢)دا سێ سەربازی تورکیا کوژراون و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

 

وەزیری بەرگریی تورکیا ئەوەشی خستووەتە ڕوو 14 هاووڵاتیی سڤیل کە لەلایەن پەکەکەوە پێشتر ڕفێندرابوون، لەو ئۆپەراسیۆنەدا تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە.

 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێش10 ڕۆژ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو کە لە چیای گارەی سەر بە ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەدژی پەکەکە ئۆپەرایسۆنێکیان دەست پێ کردووە.

 

لە کاتێکدا کە تورکیا بە فەرمی کۆتایی ئۆپەراسیۆنی گارەی ڕاگەیاندووە، کە دوێنێ شەممە خلووسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەو وڵاتە یاشار گولەر و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی ئەو وڵاتە سەردانی ناوچەی سنووریی هەرێمی کوردستانی نزیک لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەیان کرد.