پەیامی کورد- دیمەشق... باڵیۆزەکانی ١٥ وڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەم سەردان بۆ سوریا دەستپێدەکەن
باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە سەردانێکی فەرمییان بۆ سوریا دەستپێکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی گەشتێکدا کە لوبنانیش دەگرێتەوە. بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسیی هەستیار لە هەردوو وڵات، سەردانەکە بە "گرنگێکی یەکجار زۆر" وەسف دەکرێت.
نوێنەری هەمیشەیی ئیستۆنیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ساموێل زبۆگار، کە وڵاتەکەی لەم مانگەدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستەوەیە و سەرۆکایەتی شاندی سەردانکەر دەکات، وتی کە پلاندانان بۆ سەردانەکە "ئاسان نەبوو"، ئاماژەی بەوەشکرد کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنەکە کاتێکی زۆری دەویست.
زبۆگار ڕوونیکردەوە کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکە "ناردنی پەیامی پشتیوانییە"، وتی، "ئەنجومەنی ئاسایش دەیەوێت یارمەتی بنیاتنانەوەی متمانە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات... و هەر بۆیەش دەچینە ئەوێ، بۆ ئەوەی سورییەکان بزانن کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە سوریا." جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەنجومەن پشتگیری لە پرۆسەیەکی "سەرکردایەتی سوریا و خاوەندارێتی سوریا" دەکات.
شاندەکە نوێنەری 15 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا مایک والتز باڵیۆزی ئەمریکا، باربارا وودوارد باڵیۆزی بەریتانیا، جێرۆم بۆنافۆنتی باڵیۆزی فەرەنسا، ڤاسیلی نێبێنزیای باڵیۆزی ڕووسیا و هوفو کۆنگ باڵیۆزی چین، جگە لە باڵیۆزی جەزائیر، سۆماڵ، پاکستان، دانیمارک، یۆنان، گویانا، پەنەما، باشوور کۆریا، و سیرالیۆن.
بڕیارە شاندەکە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و بەرپرسانی دیکەی حکومەت و هەروەها نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆببنەوە.