پەیامی کورد ... كوژرانی ٤٠ چەكداری حەماس لەلایەن ئیسڕائیل ەوە
دووشەممە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا نوێترین زانیاری لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی لە باشووری کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و ئاماژەی دا، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ناوچەی 'خازیعە'ـی سەر بە ڕەفەح، زیاتر لە ٤٠ چەکداری حەماسیان کوشتووە.
سوپا جەختی کردووەتەوە، ماوەی ٤٠ ڕۆژە هەموو هەوڵێکیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح خستووەتە گەڕ بۆ لەناوبردنی ئەو توونێلانەی چەکدارانی حەماس وەک پەناگە بەکاری دەهێنن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'تایمز ئاف ئیسرائیل'، لەناو کوژراوەکان دا فەرماندەی کەتیبەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحی حەماس و جێگرەکەی بوونیان هەیە. ئەمەش دوای ئەوە دێت، پێشتر سوپا کوژرانی چوار چەکداری دیکەی ڕاگەیاندبوو؛ لە شەودا لە توونێلەکانی ڕەفەح هاتبوونە دەرەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی حەماس کوژرانی 'عەبدۆڵڵا حەمەد'، کوڕی غازی حەمەد، ئەندامی شاندی دانووستانکار و سەرکردەی دیاری حەماسیان لە ڕەفەح پشتڕاست کردەوە.