نێردەی ئەمریکا: ڕێککەوتنی ئاشتی لە ئۆکرانیا زۆر نزیکە

Dîroka Belavkirin :
نێردەی ئەمریکا: ڕێککەوتنی ئاشتی لە ئۆکرانیا زۆر نزیکە
پەیامی کورد... نێردەی ئەمریکا: ڕێککەوتنی ئاشتی لە ئۆکرانیا زۆر نزیکە

کیس کیلۆگ، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا ڕایگەیاند، گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەو وڵاتە "زۆر نزیکە" و ئێستا بەندە بە چارەسەرکردنی دوو پرسی سەرەکیی هەڵپەسێردراو، کە ئەوانیش داهاتووی هەرێمی دۆنباس و وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیان.

کیلۆگ کە بڕیارە لە مانگی کانوونی دووەمدا (مانگی یەک) دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت، لە کۆڕبەندی بەرگریی نیشتمانیی ڕیگن وتی: "هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکە لە (دە مەتری کۆتاییدان) و ئەوەشی بەوە وەسف کرد کە هەمیشە سەختترین قۆناغە".

کیلۆگ ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو دوو پرسە سەرەکییە هەڵپەسێردراوە پەیوەندییان بە خاکەوە هەیە، کە ئەوانیش داهاتووی دۆنباس وەک بابەتی یەکەم و داهاتووی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیایە لە ئۆکرانیا، کە گەورەترین وێستگەیە لە ئەوروپا و لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە.

هەروەها وتیشی: "ئەگەر ئەم دوو کێشەیە چارەسەر بکەین، پێموایە ئەوانی دیکە بە باشی بەڕێوەدەچن... خەریکە دەگەینە کۆتایی".

و بەردەوام بوو و وتی: "بەڕاستی نزیک بووینەتەوە".

کیلۆگ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەرەتای جەنگەوە ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە زیاتر لە دوو ملیۆن کوژراو و برینداریان داوە. نە ڕووسیا و نە ئۆکرانیاش ئاماری متمانەپێکراو سەبارەت بە زیانەکانیان ئاشکرا ناکەن.

مۆسکۆ دەڵێت مەزندەکانی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیا بۆ زیانەکانی ئەوان زیادەڕۆییان تێدا کراوە. هەروەها کیێڤیش دەڵێت مۆسکۆ زیادەڕۆیی دەکات لە مەزندەکردنی زیانەکانی ئۆکرانیادا.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی درێژ و "گرنگ"ی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارێد کوشنەر، زاواکەی ترەمپ ئەنجامداوە.

کۆشکی کرێملنیش ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن کوشنەر ئەرکی سەرەکی لە داڕشتنی ڕێککەوتنێکی ئەگەریدا لە ئەستۆ بگرێت.