نوێنەری کۆمارییەکانی کۆنگرەی ئەمریکا : هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا هەڵەیە؛ سەری مار لە تاران ە

پەیامی کورد ... نوێنەری کۆمارییەکانی کۆنگرەی ئەمریکا : هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا هەڵەیە؛ سەری مار لە تاران ە
لە درێژەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆ ویلسۆن، نوێنەری کۆمارییەکانی کۆنگرەی ئەمریکا، ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا گرت و بە "جۆرێک لە خۆکوشتنی سیاسی" وەسفی کرد و ووتی: “دوژمنی ڕاستەقینە خامنەیییە؛ سەری مارەکە لە تارانە نەک لە دیمەشق”.
ویڵسۆن کە بە یەکێک لە پشتیوانانی ئیسرائیل لە کۆنگرێس ناسراوە، لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ فۆکس نیوز دیجیتاڵ ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە نەک هەر یارمەتیدەر نین لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە، بەڵکوو زەمینەی نفووزی زیاتری کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا لە سووریا زیاتر دەڕەخسێنێ.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا، ووتی: ئەمریکا سزاکانی سەر دیمەشق ی هەڵگرت بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە سووریا بۆ ئاوەدان کردنەوە و سەرفرازی لە دوای ڕووخانی ئەسەد بدات. هێرشەکانی ئیسرائیل لەم هەلومەرجەدا زۆر نیگەرانکەرن.
لە کاتێکدا وەزیری بەرگری ئیسرائیل، یسرائیل کاتز هێرشەکانی بە "پارێزگاری لە پێکهاتەکانی درووز لە سووریا" ناوبردووە و ئاماژەی بە هەڕەشە ئەگەرییەکانی دیمەشق کردووە، ویڵسۆن ئەم هۆكارانەی ڕەتکردەوە و ووتی :
"ئیسرائیل پێویستە سەرنجی خۆی بخاتە کۆماری ئیسلامی؛ دوژمنی سەرەکی خەڵكی ئیسرائیل عەلی خامنەیی یە."
ویڵسون لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئاڵۆزدا لەگەڵ باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، داوای کردووە هۆشدارییەکەی بگەێندرێتە ئورشەلیم و هەروەها داوای لە ئیدارەی ترامپ کردووە لە بەرامبەر ئەو کارانە بێدەنگ نەبن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە هێرشەکان ناکات و هەوڵی کەم کردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا دەدات.
هەر لەو پێوەندییەدا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ناتانیاهوو و شەرعی ڕاگەیاند و داوای داماڵینی چەکەکانی هێزەکانی درووز و بەدەوی و سوننەی کرد.





