وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا : سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان دەکەین

پەیامی کورد ... وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا : سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان دەکەین
لە بەردەوامی کاردانەوەی هێرشە درۆنیەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی، تامی برۆس، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە : "بەتووندی سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر کێڵگە نەوتییەکان دەکەین، چوونکە سەقامگیری عێراق و داهاتووی ڕووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە."
برۆس دەشڵێت: "هێرشەکان ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەیان کردووەتە ئامانج کە وەبەرهێنان لە داهاتوو و ووزەی عێراق دەکەن، پێویستە حکوومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی جێبەجی بكات و کۆنتڕۆڵی تەواوی خاکەکەی بکات."
جەختیشی کردەوە، "ئەمریکا عێراقێکی خاوەن سەروەری و فیدراڵ و سەقامگری بەلاوە مەبەستە."
لەلایەکی دیکەوە، جۆو ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە هەمان پرس نووسیویەتی: هێرش بۆسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کێڵگەکانی نەوت لە هەرێم قبووڵ ناکرێت، پێویستە حکوومەتی عێراق سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت، بەپێچەوانەوە با خۆی بۆ دەرئەنجامێکی تووند ئامادە بکات.
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە




