ئامینە زکری پەیامی سەرۆک بارزانی له کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی لە ئیستانبووڵی خوێندەوە

Dîroka Belavkirin :
ئامینە زکری پەیامی سەرۆک بارزانی له کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی لە ئیستانبووڵی خوێندەوە
پەیامی کورد   ...   ئامینە زکری پەیامی سەرۆک بارزانی له کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی لە ئیستانبووڵی خوێندەوە

شەممە، 06ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و  کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستانبووڵ، پەیامی سەرۆک بارزانی لەبارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، خوێندەوە. 

دەقی ووتاری سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بەڕێزان ئەندامانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئامادەبووانی بەڕێز، ڕۆژتان باش، سڵاوێکی گەرم لە هەمووتان بێت.

لە سەرەتادا دەمەوێت سوپاس و دەستخۆشی خۆم ئاراستەی ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە بکەم. هیوادارم ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەکان و پێداویستییەکانی سەردەم و قۆناغی نوێ بکات.

بەڕێزان..

دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت. هەموو ئاماژەکان دیاریکەری دەستپێکێکی نوێن، کە دەکرێت پڕ بێت لە ئاستەنگ، یان پڕ بێت لە هەلی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و بەڕوومەت و ئاشتییانە بۆ گەلانی دەڤەرەکە.

پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمانی ڕابردوو وەربگرن و بە هەناسەیەکی نوێ و تێڕوانینێکی ڕوون و پڕ لە باوەڕ و هیواوە، ڕەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکان دا بکەن.

هەردەم دیالۆگ و لێکگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان و لە گفتوگۆ و ئاشتی دا مرۆڤایەتی مفادار (سوودمەند) دەبێت.

بەڕێزان..

پڕ بە دڵ دەست خۆشی لە حکوومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجالان و هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری و دانووستاندن ڕەخساند.

لە لایەن خۆمەوە، پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و بەهێزبوونی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات.

هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم، بمێنن لە خۆشی و خێردا.

 

مەسعوود بارزانی

6ی کانونی یەکەمی 2025