پەیامی کورد ... ڕاگەێندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی تووندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
دەقی ڕاگەێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان.
ڕاگەێندراوێک سەبارەت بە ھێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان
لە نێوان ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ و ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٥ دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرینگ لە ھەرێمی کوردستان، دووچاری ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابووری بەرچاویان پێگەیشتووە. بۆ لێکۆڵینەوە لەو ھێرشە مەترسیدارانە و دەست نیشان کردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆکی حکوومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و ھەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان.
لیژنە ھاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٥ سەردانی ھەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانیان کرد و پشکنینی تەکنیکیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد بە پشت بەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم ھێرشانەدا بەکارھێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی ھەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ھاوسنووری ھەرێمی کوردستانە.
ھەروەھا دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییەکانی ھەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام رێکخستنن.
لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پێکھێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، کە ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە ھێرشەکان.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکوومەتی فیدراڵی ھیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.
لەبەر ڕۆنی ئەم ڕاستییانە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە کە لە ڕاپۆرتی کۆتایی دا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە ھێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا ھیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکوومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە ھەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارە نابنەوە.
ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام بوونی بێ ھەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێل کردنی بەرپرسیارییەتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا ھانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.
ھێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی تووندە بەرامبەر بە ئەنجام دەرانی ھێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١١/٢٧