نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی ٥ی ٢٠١٩ دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەرزكردنەوەی باجی لەسەر كەل وپەلی چینی لە ووڵاتەكەی ڕاگەیاند و بەوهۆیەوە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزینی تۆماركرد.
دوای ئەوەی دوێنێ یەكشەممە، دۆناڵد ترامپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەكی بەرچاو باج دەخاتە سەر كەل و پەلی چین، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزینی تۆماركرد و بە شێوەیەكی گشتی بە ڕێژەی لە سەدا دو نرخی ئەو بەرهەمە دابەزی.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی لەسەدا 2.1 دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردوویەتیە 69.34 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا، ئەوەش بە بەراورد بە مامەڵەی پێشوتری رێژەی 1.51 دۆلار لە نرخی ئەو بەرهەمە كەمیكردوە .
نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی ڕۆژئاوای ئەمریکا بە ڕێژەی لەسەدا 2.1 دابەزیوە، كە نرخی یەك بەرمیل دەكاتە 60.44 دۆلار و بەو پێیە 1.5 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك لەو بەرهەمە دابەزیوە.
بڕیارەكەی ترامپ لەكاتێكدایە، گەورە بەرپرسانی هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە ئابووریەكانی نێوانیان ماوەی چەند مانگێكە لە دانوستاندان، بەپێی شارەزایانی ئابووری پێدەچێت ئەو بڕیارەی ترامپ مەترسی بخاتە سەر دانوستانەكانی نێوان هەردو وڵات.
هاوكات ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆست رایگەیاندوە، لە ئێستادا حكومەتی پێكەن بڕیاری كشاندنەوەی هەموو دانووستانە بازرگانیەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا تاوتوێ دەكات.