TR KU SO
FB X
Aborî

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

سارا
Yazar
📅 05 Haziran 2019 15:17

پەیامی کورد  ...  بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە  ٥ی ٦ی ٢٠١٩  بەرزبونەوەی رێژەی نەوتی خاو لە ئەمبارە نەوتیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و لێدوانەكانی بەرپرسانی كۆمپانیای رۆزنەفت-ی روسی، لەبارەی رێككەوتنیان لەگەڵ رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك)، بوە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا دابەزێت.

دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو 31ی ئایار، نرخی نەوتی خاو بە رێژەی لەسەدا سێ دابەزی، بەهۆی ئەو جەنگە بازرگانییەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە مانگی ڕابردوودا لەگەڵ چین دەستی پێكردوە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، لەگەڵ بەرزبونەوەی رێژەی نەوتی خاو لە عەمبارەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی.

بە پێی ئاژانسی رۆیتەرز، نەوتی خاوی برێنت 27 سەنت و بە ڕێژەی لەسەدا 0.4 دابەزینی بەخۆوە بینیوە و ، نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردوویەتیە 61.70 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.

لەكاتێكدا پاش ئەوەی لە ماوەی رابردودا بە رێژەی لەسەدا 13 دابەزینی بەخۆوە بینی، دوێنێ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە كۆتا مامەڵەیدا بە رێژەی لە سەدا 1.1 بەرزبوەوە.

هاوكات ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا، 32 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 0.6 دابەزینی تۆماركردوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 53.1 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا. 

لەمیانەی نیگەرانیەكان لەبارەی كەمبونەوەی خواست لەسەر بەرهەمەكە،  لەمدواییەدا نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا بە شێوەیەكی گشتی دابەزینی بەرچاوی تۆماركرد، بەڵام دوای بەرزبونەوەی رێژەی پشكەكانی بازاڕەكانی جیهان، دوێنێ سێشەممە 4ی حوزەیران، نرخی نەوت بەرزبونەوەی تۆماركرد.

بەپێی قسەی شارەزایانی ئابووری و بازرگانی، بەشێكی دیكە لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا، كەمی خواستە لەسەر ئەو بەرهەمە، سەرەڕای ئەوەی جەنگی ساردی نێوان هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكان كاریگەری راستەوخۆی درووستكردوە.

ئەوە لەكاتێكدایە، سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر وەبەرهێنانە نەوتیەكانی ڤەنزوێلا كە یەكێكە لە گەورە وەبەرهێنەرانی ئەو بەرهەمە بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكان، هاوكات لەگەڵ سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر ئێران، كاریگەریەكی بەرچاویان لەسەر هەڵكشان و داكشانی نرخەكانی نەوت هەیە.

Paylas: