نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ٠٧ی ٢٠٢٠ بە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە ئەمریکا، مەترسی جارێکی دیکە داخستنەوەی بازاڕە ئابوورییەکان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو سەریهەڵداوە، ئەوەش وایکردوە نرخەکەی بەڕێژەی زیاتر ٢% دابەزێت.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت ٨٨ سەنت دابەزی، کە دەکاتە ٢.٠٦%ی نرخەکەی و لەدواین مامەڵەدا بە ٤١.٨٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا.
لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی ٩٦ سەنت دابەزی لە دوایین مامەڵەدا بە ٣٩.١٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، واتا نرخەکەی بەڕێژەی ٢.٣٩% نزمبوەتەوە.
بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دوێنێ حاکمی کالیفۆڕنیا فەرمانیکرد بە داخستنی یانە، رێستۆرانت، سینەما، باخچەکانی ئاژەڵان و مۆزەخانەوە و چەندین شوێنی دیکەی ویلایەتەکە بۆ ڕاگرتنی زیادبوونی بەردەوامی تووشبوانی کۆرۆنا، لە ویلایەتی لۆس ئەنجلێس بڕیاردرا بەهۆی زۆری رێژەی کۆرۆناوە ساڵی داهاتووی خوێندنی وانەکان لە رێگەی ئۆنلاینەوە بێت، ئەو هەنگاوانەش نیشانەن بۆ ئەگەری دووبارە داخستنەوەی تەواوی ووڵاتەکە.
شارەزایانی ئابووری لەوبارەیەوە دەڵێن، "زۆربوونی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە جیهاندا وایکردوە، وەبەرهێنەران نیگەرانی وەستانی گەشەسەندنی بازاڕە ئابوورییەکان و کەمبوونەوەی خواست بن لەسەر ئەو بەرهەمە بن، هەر ئەوەش وایکردوە ووڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک+ کۆببنەوە بۆ کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی داهاتوودا".