نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی ٠٧ی ٢٠٢٠ بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی ئەمبارکراو لە کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا و زیادبوونی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە جیهاندا، نرخی نەوتی خاو جارێکی دیکە ڕووی لە دابەزین کرد.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت ٣٥ سەنت دابەزی، کە دەکاتە ٠.٨%ی نرخەکەی و لەدواین مامەڵەدا بە ٤٣.٩٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا.
لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی ٣٩ سەنت کەمیکرد، لە دواین مامەڵەدا بە ٤١.٥٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، واتا نرخەکەی بەڕێژەی ٠.٩% دابەزیوە.
بەپێی داتاکانی پەیمانگای پیشەسازی پتڕۆڵی ئەمریکی لە هەفتەی رابردوودا ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی ناو کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا بە قەبارەی ٧.٥ ملیۆن بەرمیل بەرزبوەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشبینیدەکرا زیادبوونی نەوت تەنها بە قەبارەی ٢.١ ملیۆن بەرمیل بێت.
ئێدوارد مۆیا، گەورە شیکەرەوەی ئابووری لە کۆمپانیای OANDA رایگەیاند، "بەهۆی زیابوونی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکی و زیادبوونی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە جیهاندا، گورزێکی دوو جەمسەری لە خواست لەسەر نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا کەوتوە، ئەوەش وایکردوە نرخەکەی روو لە دابەزین بکات".