TR KU SO
FB X
Aborî

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

سارا
Yazar
📅 04 Ağustos 2020 16:15

پەیامی کورد     ...    بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی ٠٨ی ٢٠٢٠ بەهۆی زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا و ئەگەری زیادکردنی تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ووڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک+، نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە زیادیکردوە، بەوهۆیەوە نرخەکەی رووی لە دابەزین کردوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت ٣٧ سەنت دابەزی، کە دەکاتە ٠.٨%ی نرخەکەی و لەدواین مامەڵەدا بە ٤٣.٧٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا.
لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی ٣٠ سەنت کەمیکرد، لە دواین مامەڵەدا بە ٤٠.٧١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، واتا نرخەکەی بەڕێژەی ٠.٧% دابەزیوە.

لاشلان شاو، سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە لە بەهای شت و مەکەکان لە بانکی ناوەندی ئوسترالیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "داتاکانی چالاکییە پیشەسازییەکانی جیهان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئاستی چالاکییە ئابوورییەکان زۆر بەرزە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نیشانەیەک لەبارەی گەشەسەندنی بازاڕە ئابوورییەکان دەرنەکەوتوە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زیادبونی بەردەوامی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە جیهاندا".

لەلایەکی دیکەوە ووڵاتانی ئۆپێک+ لە پلانیاندایە قەبارەی بەرەهەمهێنانی نەوتی رۆژانەیان بە بڕی ١.٥ ملیۆن بەرمیل زیادبکەن، بەرهەمهێنەرە ئەمریکییەکانیش هەوڵی دووبارە بەگەڕخستنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ووڵاتەکەیان دەدەن، ئەوەش بوەتە هۆی دابەزینی نرخەکەی لە بازاڕەکاندا.

Paylas: