حەفت ساڵ بەسەر مەرگی عەباس کەمەندیدا تێپەری
پەیامی کورد … حەفت ساڵ بەسەر مەرگی عەباس کەمەندیدا تێپەری
عەباس کەمەندی (1952-2014 ) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، نیگاركێش، نووسەر، شاعیر و دەرهێنەری بواری شانۆ و درامای خەڵکی شاری سنە کە بە مامۆستای (حەوت هونەر) ناسرابوو، حەوت ساڵ لەمەوبەر و ڕیکەوتی 2014.5.22 لە شاری سنە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
عەباس کەمەندی، ساڵی ١٩٥٢ لە گەڕەکی (جهوراوا)ی شاری سنە لەدایک بووە. زۆربەی بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە بە پیشە قەساب بوون و کەشێکی سوننەتی (دابونەریتی کۆن) بەسەریاندا زاڵ بووە. کەمەندی جیا لە ھونەری مۆسیقا, شارەزاییەکی زۆری لە بواری وێنەکێشان، شانۆ و سینەما و ئەدەبیاتی کوردی و بەتایبەت ئەدەبی زارەکی و فەرهەنگ و گۆرانیی هەوراماندا هەبووە و لەم بوارەدا بە دەیان توێژینەوەی ئەنجام داوە. ماوەی ٣٥ ساڵ لە رادیۆی شاری سنە کاری کردووە و بە دەیان چیرۆک و بەیتی کوردیی لە ڕادیۆ بە شێوەی شانۆی دەنگی دەرهێناوە. لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا ژیانی ھاوبەش دەست پێ کردووە و خاوەنی کوڕێک و دوو کیژە.
کەمەندی پاش تەمەنێک خزمەت بە بواری هونەر و مۆسیقا و هونەری ڕەسەنی کوردی لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ئایار ی ٢٠١٤، لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا، بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوه کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ئاساوڵە (بەهەشتی محەمەدی) بە خاکی نیشتمان سپێردرا.
عەباس کەمەندی هونەرمەندێکی فرە بەرهەمە کە بەداخەوە ژمارەیەکی کەمی بڵاو کراوەتەوە، لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا کە زۆربەی شیعر، ئاهەنگەکانی هی خۆی بووە، خاوەن ڕێچکە و دەنگ و لەحنی تایبەت بە خۆیە و پاش خۆی ئەم ئەلبوومە گۆرانییانەی لێ بەجێ ماوە کە وەک سەرتۆپی گۆرانیی ڕەسەنی کوردی دێنە ئەژمار.
گەلاوێژ، ھەورامان، پرشنگ، کیژی کورد(٢٠١٢)بەشێکن لە ئەلبوومی گۆرانییەکانی.
کەمەندی لە بواری نووسینی ئهدهبیاتی میللی و شیعر و چیرۆک، کۆکردنەوەی فۆلكلۆر، فەرهەنگ و مێژووی كورددا زیاتر لە 6 ههزار لاپهڕه لێکۆڵینەوەی کردووە و له كتێبخانهی فهرههنگی له تاران پارێزراوه.
بەرهەمەکانی هونەرمەند عەباس کەمەندی، کۆمەڵە شیعری هەواراگەی هاوار (کوردی و فارسی) نووسینی 4 رۆمان، نووسینی سیناریۆی 30 فیلمی درێژ و كورت. نووسینی 2 كتێبی شیعری به فارسی و كوردی و كێشانی نزیكهی 100 تابلۆی هونەری و خاوهنی 60 گۆرانییه و چهندین فیلم و درامای به شێوهی زنجیره بۆ تەلەفزیۆنی سنە بەرهەم هێناوە کە هەندێکیان بریتین لە: سنجەرخان، پاڵەوان حوسێن گوڵزار کرماشانی، میری نەورۆزی، کاروانسەرا، مام ڕەحیم و فڕین لە قەفەس و ئەسپ و چەندین بەرهەمی دیکە.
لە بواری کاری تەلەفزیۆنیشدا چەند کارێکی وەک پاڵەوان پەمە و کۆنە و چەند کارێکی دیکە.