بەغدا / ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێک ٦ کوژراوی لێکەوتەوە
پەیامی کورد... بەغدا / ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێک ٦ کوژراوی لێکەوتەوە
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغدا بڵاوی کردەوە، ئەمشەو لە کۆمەڵگای "الحریە"ی ڕۆژئاوای بەغدا ئاگر لە ماڵێک بەربووە و بە هۆیەوە ٦ کەس گیانیان لە دەست داوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٢ ی ئاداری ٢٠٢٢ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغدا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بەشی خانوە زیادەڕۆییەکانی کۆمەڵگەی "الحریە"، دواکەوتنی ئاگادارکردنەوەی تیمەکانیش بووەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانی.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ڕووداوەکەدا چوار منداڵ و ژنێکی دووگیان سووتاون و تەرمەکانیان گەیەنراوەتە بەشی پزیشکی دادوەری، هۆکاری ڕوودانی ئەم ئاگرەش شۆرتی کارەبا بووە.
بەگوێرەی ئامارەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق ٣١ هەزار و ٥٠٠ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕویانداوە و ئەمساڵیش زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.