بەهۆی منداڵانەوە، مایکرۆسۆفت 20 ملیۆن دۆلار غەرامە دەکرێت
پەیامی کورد... بەهۆی منداڵانەوە، مایکرۆسۆفت 20 ملیۆن دۆلار غەرامە دەکرێت
مایکرۆسۆفت دەبێت 20 ملیۆن دۆلار غەرامە بدات بۆ ئەوەی کۆتایی بەو داوایە یاساییە بهێنێت کە لەلایەن دەزگای پاراستنی بەکاربەرانی ئەمریکاوە لەسەری تۆمارکراوە، بەهۆی کۆکردنەوەی زانیارییە کەسییەکانی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بەبێ ڕەزامەندی دایک و باوکيان.
مایکرۆسۆفت تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2020 زانیاری کەسی منداڵان و هەرزەکارانی خوار تەمەنی 13 ساڵی کۆکردۆتەوە کە لە پلاتفۆرمی یارییە ئۆنلاینەکانی کۆنسۆلی “Xbox” تۆمارکراون بەبێ ئاگادارکردنەوە و وەرگرتنی رەزامەندی دایک و باوکیان.
منداڵ بۆئەوەی ئەکاونتێک دروستبکات پێویستە بەکارهێنەر ناو و پاشناو و ئیمەیڵ و بەرواری لەدایکبون بخاتەڕو، لیژنەی بازرگانی فیدڕاڵی لەوبارەیەوە باسی لەوەکردوە، مایکرۆسۆفت یاسای پاراستنی نهێنی منداڵانی ئۆنلاین (COPPA)ی پێشێل کردوە.
سامویل لیڤاین سەرۆکی لیژنەی بازرگانی فیدڕاڵی رایگەیاندوە، "ئەو بڕیارەی ئێمە پێشنیاری دەکەین ڕێگە بە دایک و باوکان دەدات کە پاراستنی نهێنی زانیارییەکانی منداڵەکانیان لە ئێکس بۆکسدا بپارێزن و ئەو زانیاریانە سنوردار دەکات کە مایکرۆسۆفت دەتوانێت سەبارەت بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی کۆیان بکاتەوە".
FTC لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، "مایکرۆسۆفت پێویستی بە چەندین هەنگاو دەبێت بۆ زیاتر پاراستنی نهێنی ئەو منداڵانەی کە پلاتفۆرمی ئێکس بۆکسەکەی بەکاردەهێنن".
بەپێی یاسای پاراستنی نهێنی منداڵان بە شێوەی ئۆنلاین، خزمەتگوزاری و ماڵپەڕە ئۆنلاینەکان کە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 13 ساڵ دانراون، پێویستە دایک و باوک لەو زانیارییە کەسییانەی کە کۆیان دەکەنەوە ئاگادار بکەنەوە و ڕەزامەندیان وەربگرێت.
لای خۆیەوە وتەبێژی مایکرۆسۆفت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، ئێکس بۆکس "پابەند دەبێت بە فەرمانی دەزگاکە" و پرۆسەیەکی نوێی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و تەمەن پەرەپێدەدات بۆ ئەوەی ئەزمونی گونجاو لەگەڵ تەمەندا پێشکەش بکات.