بەپەلە ... ئەگەری جیا بوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پلەبەرزی سوپای پاسداران لە ئارادایە
کارناسێکی کارووباری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ ئۆگۆستی ٢٠١٨ لە سەر ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان لە ئێران و کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بە ژمارەیەک لە ڕاپۆرتەکان باسی لەوە کرد ئەگەری هەیە ژمارەیەک لە ئەندامانی پلەبەرزی سوپای پاسداران، لەم ڕێکخراوەیە جیا ببنەوە.
مایکێل پرێجنێت، یەکێک لە ئەندامانی پلەبەرزی دامەزراوەی هادسێن، لە وتووێژێکدا دەڵێ : " من بیستوومە ژمارەیەک لە ئەندامانی پلەبەرزی سوپای قودسی ئێران دەست لە کار دەکێشنەوەو بە سەرمایەکەیانەوە لە ئێران دەچنە دەرەوە، بەڵام ناتوانم سەرچاوەیەکیتر بۆ ئەم هەواڵانە پەیدا بکەم. ئێمە زانیاری کەممان لە بەردەستدایە لە سەر ئەندامانی سوپای پاسداران و ئەو کەسانەی ئێرانیان بە جێ هێشتووە."
پرێجنێت هەروەها وتی :" ئەگەر ئەم دابڕانانە ببینین و ڕوو بدەن، ئەو کات ئەمە شتێکی گرینگ دەبێت. لە ئێستادا ئیمە ئەوە دەزانین کە ژمارەیەک لە ئەفسەرەکانی پلە مامناوەندی سوپای قودس ناڕازی بوون لەوەی کە خامنەیی نەرمی نواندبوو بەرامبەر ڕێککەوتننامەی بەرجام. دەزانین کێشە هەیە لە نێوان کادرە پلە بەرزەکانی سوپا و کادرە مامناوەندەکانیاندا."
ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان کە لەمانگی بەفرانبارەوە دەستی پێکردوە ناوە ناوە لە شارەکان هەر درێژەی هەیە و بووە بە ڕەوتێکی بەردەوام. هەروەها ئابووری ئەو ووڵاتە بە تایبەت لە دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام لە مانگی مەی ٢٠١٨ تا دێت زیاتر دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. ئەمانە کۆمەڵێک قەیرانی قووڵی بۆ کۆماری ئیسلامی درووستکردووە کە بونیادەکانی ئەم دەسەڵاتە بەرەو ڕووخان دەبات.