بەپەلە ... ١٧ کەس بە تاوانی سیخۆڕی لە لایەن وەزارەتی ئەمنی ئێرانەوە دەستبەسەر کران کە ژمارەیەکیان لە سێدارە دەدرێن
پەیامی کورد ... وەزارەتی ئەمنی ڕژیمی ئێران رایگەیاند : تۆڕێکی سیخوڕیکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای ئاشکراکردووە و 17 ئەندامی ئەو تۆڕە دەستگیرکراون.
بە گوێرەی زانیارییەکان بەڕیوبەری گشتی كاروباری بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی لە وەزارەتی ئەمنی ئێران ڕایگەیاندووە : " بۆ دوەهەمجار گورزێكی گەورەمانداوە لە تۆڕی سیخوڕی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا".
ئاماژەی بەوەشكردوە "لەمیانەی چالاكیەكانیاندا توانیویانە تۆڕێكی سیخوڕی سەر بە ویلایەتە یەكگرتوەكان هەڵبوەشێننەوە و 17 كەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیخوری دەستگیربكەن".
هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمنیەتیەی ئێران ڕاشیگەیاندووە "سەرجەم ئەو كەسانەی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیركراون لە لایەن ئاژانسی ناوەندی زانیاری ئەمریكی " CIA " ەوە مەشقیان پێكراوە".
هاوكات سەبارەت بە سزاكانی ئێران بەرامبەر ئەو دەستگیركراوانە، بەڕیوبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی ڕایگەیاندووە : " دیارە كە سزای ئەو تاوانە چیە ؟ ، ژمارەیەكیان بەهۆی ئەنجامدانی كاری تێكدەرانەوە لەسێدارەدەدرێن".