بڕیارە ڕوفاتی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزانی بگەڕێندرێنەوە کوردستان
پەیامی کورد... بڕیارە ڕوفاتی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزانی بگەڕێندرێنەوە کوردستان
بڕیارە ڕوفاتی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزانی بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و لە مەراسیمێکدا لە زێدی خۆیان بە خاک بسپێردرێن.
لەو بارەیەوە حاکم عادل بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە میدیای پارتی وتووە، بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەم مانگە ڕووفاتی ١٠٠ جینۆسایدکراوی بارزانی لە باشووری عێراقەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر لە زێدی خۆیان ئەسپاردەی خاک بکرێن.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، مەراسیمێک بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی بارزانییەکان ڕێکدەخرێت و تێدا لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری دەکەن دواتر بەڕێ دەکرێن بۆ دەڤەری بارزان.
لە یەکێک لە دڕندانەترین کارەکانی مرۆڤایەتی، ڕژێمی بەعس چەندین هەڵمەتی ئەنفال کردنی هاووڵاتییانی کوردی ئەنجامدا و دەیان هەزار کوردی لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کردن، لە ساڵی ١٩٨٣یش هەڵمەتی ئەنفال دەڤەری بارزانی گرتەوە و تاوەکوو ئێستاش زیاتر لە ٥٠٠ ڕووفاتی بارزانییەکان گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان.