بەرپرسانی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی "ڤیرووسی سیاسی" تۆمەتبار دەکرێن
پەیامی کورد ... بەرپرسانی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی "ڤیرووسی سیاسی" تۆمەتبار دەکرێن
بەرپرسانی باڵای چین، هێرشی زارەکی دەکەنە سەر هاوتا ئەمریکییەکانیان و بە بڵاوکردنەوەی"ڤیرووسی سیاسی" تۆمەتباریان دەکەن.
ژاو لیژیان، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمرۆ پێنجشەممە هێرشیکردە سەر مایک پۆمپێئۆ ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ووتی"پۆمپێئۆ هەرکاتێک و هەرچۆنێک پێی خۆش بێت بە بێ بنەما رەخنە لە ئێمە دەگرێت و زانیاری ناڕاست بڵاودەکاتەوە".
ژاو هەروەها مەبەستی ئەمریکا لەو لێدوانانەی تەنها بە لاڕێدا بردنی شەقامی نێودەوڵەتییە لە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و بڵاوکردنەوەی ڤیرووسێکی دیکە کە ئەویش" ڤیرووسی سیاسی"ە.
ووتیشی" رەخنە وهێرشەکانی پۆمپێئۆ لە هزری جەنگی سارد و بەرژەوەندی خۆپەرستانەی ئەمریکاوە هەڵدەقوڵێن و بەبێ هیچ بنەمایەک تۆمەت دەداتە پاڵ چین و پارتی شیوعی چینی".
بەگوێرەی ووتەکانی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، پۆمپێئۆ و کاربەدەستانی دیکەی هاوشێوەی ئەو لە ئەمریکا هەوڵدەدەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەوڵە دژە-چینییەکانی خۆیانەوە هۆگر بکەن و ووتیشی" هەرگیز پەکین رێگا نادات لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو بن".