بە ئەگەری زۆر ١١ وەزیری کابینەکەی عەبدۆلمەهدی دەگۆڕدرێن
پەیامی کورد ... سەرچاوەیەکی بەرپرس رایگەیاند، عادل عەبدۆلمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی چاکسازییەکاندا پلانی گۆڕینی 11 وەزیری حکومەتەکەی هەیە و هۆکاری دواکەوتنی گۆڕانکارییەکانیش بۆ "بوونی سەرنج لەسەر پاڵێوراوە نوێیەکان" دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس ڕایگەیاندووە "ئەو وەزارەتانەی حکوومەتی عێراق کە ئەگەری گۆڕانکاریکردنیان هەیە، پێکهاتوون لە وەزیری وەزارەتە سیادییەکانی دارایی، نەوت و بەرگری، هەروەها لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانیش ئەگەری گۆڕینی وەزیرەکانیان هەیە، پێکدێن لە وەزیری کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی، گواستنەوە و پەیوەندییەکان، سەرچاوە ئاوییەکان، وەزرش و کۆچ و کۆچبەران هەیە".
بەگوێرەی سەرچاوەکە، دوای گۆڕانکارییەکان لە قۆناغی یەکەمدا، لە قۆناغی دواتریشدا وەزیری وەزارەتەکانی "کارەبا، کار و کاروباری کۆمەڵاتی و شارەوانییەکان دەگۆڕدرێن".
ئەو سەرچاوە عێراقیە ڕوونیکردوەتەوە، لە دانانی وەزیری نوێی وەزارەتەکان لەسەر بنەمای توانا و پسپۆڕی دەبێت و هۆکاری دواکەوتنی گۆڕانکارییەکانیش بۆ بوونی سەرنج لەسەر ناوی پاڵێوراوە نوێکان دەگەڕێتەوە، لە کۆبونەوەی سەرکردە سیاسییەکانیش بەربەستی نوێ بۆ پلانەکەی عەبدولمەهدی دانراوە، بەجۆرێک گڵۆپی سەوز بۆ گۆڕانکارییەکان بەبێ دەستوەردانی حزبی هەڵنەکراوە، ئەگەری ئەوە هەیە حزبەکان لە پەرلەمان گرفت بۆ سەرۆک وەزیران دروستبکەن".
لای خۆیەوە عەباس زاملی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندوە، "ئەگەر سەرۆک وەزیران بەبێ رێککەوتن لەگەڵ کوتلە سیاسیەکان کاندیدەکان بهێنێتە پەرلەمان، ئەوا خۆی توشی ئیحراج بوون دەکات، چونکە لە پەرلەمان گۆڕانکارییەکانی رەتدەکرێتەوە، بۆیە پێویستە پێشووتر لەگەڵ حزبەکان رێککەوتن بکات".