TR KU SO
FB X
Cîhan

بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان

Navas Jan
Admin
📅 14 Eylül 2022 21:19


پەیامی کورد... بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان

ڕۆژی چوارشەممە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوام بوون لە کاتێکدا کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکان چڕتر بوونەتەوە، تا وەکوو ئێستا بەهۆی شەڕەکەوە نزیکەی ١٠٠ سەرباز کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ئازەربایجانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی تەقەکردن بە تۆپهاوێژ و هاوەن و چەکی بچووک دژی هێزەکانی ئەرمینیا. ئازەربایجان لە ڕووی سیاسیی و سەربازیشەوە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی لێ دەکرێت.

وەزارەتەکە گوتی " بارودۆخی سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بە گرژی ماوەتەوە."

ڕۆژی سێشەممە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لانی کەم ٤٩ سەربازی ئەرمینیا و ٥٠ سەربازی ئازەربایجان کوژران، ئەمەش وایکرد سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین داوای ئارامی لەو دوو وڵاتە بکات. هەر دوو وڵات یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دەستپێشخەری کردن لە شەڕەکەدا.

جێی ئاماژەیە ڕووسیا پشتیوانی لە ئەرمینیا دەکات و هەزاران هێزی ئاشتی پارێزی ڕەوانەی سنوورەکە کردووە و بنکەیەکی سەربازیشی لە ئەرمینیا هەیە.

ترس و نیگەرانییەکان لە هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە لە ناوچەکەدا زیادییان کردووە، ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان مەترسی ڕاکێشانی ڕووسیا و تورکیای بۆ ناو جەنگەکە لێ دەکەوێتەوە، هەروەها ڕێڕەوێکی گرنگی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوت و گاز تێک دەدات.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان گوتی " شوێنەکانمان لە ئێستادا ماوە بە ماوە تەقەیان لێ دەکرێت. یەکەکانمان ڕێوشوێنی پێویستی وەڵامدانەوە دەگرنە بەر."

Paylas: