بەشێکی زۆر لەبەرپرسە باڵاكانی ئەفغانستان لە كابوڵەوە بەرەو پاكستان هەڵهاتن
پەیامی کورد … بەشێکی زۆر لەبەرپرسە باڵاكانی ئەفغانستان لە كابوڵەوە بەرەو پاكستان هەڵهاتن
سەرچاوەیەك لە گرووپە چەكدارەكانی ئەفغانستان رایگەیاند داوامان لە هێزەكانمان كردووە لە دەروازەكانی كابووڵ بمێننەوە، نامانهەوێت بە شەڕ بچینە نێو شارەوە چاوەڕێ دەكەین بە ئاشتی رادەستبكرێت.
لەمبارەیەوە كەناڵی سكاینیوز بڵاویكردەوە دووكەڵ لەسەر باڵوێزخانەی ئەمریكا بەرزبووەتەوە، بەهۆی سووتاندنی بەڵگەنامەكانی نێو باڵوێزخانە، لەگەڵ ئەوەی چەكدارەكان هەڵیانكوتاوەتە سەر شاری كابووڵ، ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو شارەكەدا بڵاوبووەتەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارەكانی تاڵیبان هێرشیان بۆ سەر كابووڵ دەستپێكرد، بەڵام سەرۆكایەتی ئەفغانستان لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت كابووڵ لە ژێر دەستی حكوومەت دایە.
لەلایەكیترەوە پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك ئەندام پەرلەمان و سەرۆكی حیزبە سیاسییەكان بەرەو پاكستان هەڵهاتن.
بەپێی هەواڵی ئاژانسەكان 50 دبلۆماتكاری ئەمریكایی لە كابووڵ ماون، ژمارەیەك لە دبلۆماتكارانی ئەوروپاییش لە شوێنی نهێنی و پارێزراو دانراون.