بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار بۆردوومان کرا
پەیامی کورد... بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار بۆردوومان کرا
جارێکی دیکە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بۆردوومان کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-11-2023، بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق کرایە ئامانج کە هێزەکانی سوپای ئەمریکای لێیە.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشكرای كردووە : دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری بنکەکە بیستراوە، بەڵام هێشتا ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە. نازانرێت هێرشەکە بە مووشەک یاخود درۆن کراوە.
لای خۆیەوە سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی پێنتاگۆن، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 14-11-2023 رایگەیاند، "لەبارەی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 55 هێرش کراوەتە سەرمان، 27 لەو هێرشانە لە عێراق بووە. 28 هێرشیش لە سووریا".
ئەوەشی وتوە: "تائێستا 59 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. جۆری برینەکانیان سووک بوون و زیاتر پەیوەندی بە مێشک هەژانەوە بووە. بەڵام ئێستا سەرجەم 59 سەربازەکە گەڕاونەتەوە بۆ سەر ئەرکی سەربازی خۆیان".