داهاتی نەوتی مانگی ڕابردوو عێراق ئاشکرا کرا
پەیامی کورد... داهاتی نەوتی مانگی ڕابردوو عێراق ئاشکرا کرا
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی ڕابردوو گەیشتووەتە ٩٢ ملیۆن و ٧٩٠ هەزار و ١٧٣ بەرمیل نەوت.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە کۆی هەناردە و داهاتی بەدەستهاتووی مانگی شوباتی ڕابردوو، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق دەرچووە گەیشتووەتە هەناردەی ٩٢ ملیۆن و ٧٩٠ هەزار و ١٧٣ بەرمیل نەوت بە بڕی داهاتی ٨. ٥٤ ملیار دۆلار.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی هەناردەی نەوت لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە گەیشتووەتە ٩١ ملیۆن و ٣١٤ هەزار و ٨٢٨ بەرمیل، لەڕێی کێڵگەکانی کەرکووکیشەوە بەرەو بەندەری جەیهان گەیشتووە ملیۆنێک و ٤٧٥ هەزار و ٣٤٥ بەرمیل.
هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بڕی هەناردەی ڕۆژانە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٣١٤ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٢. ٠٨٣ دۆلار.