Cîhan
دەمیرتاش دەستی بە بانگەشە کرد بۆ پۆستی سەرۆک کوماری تورکیا
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ماوەی ساڵ و نیوێکە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانییە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی توویتەر،کە لەلایەن پارێزەرەکانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیاری دەسەڵاتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بڵاوکردەوە کە تێیدا بەدەردەکەوێت ئامانج لێی بانگەشەیە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا کە بڕیار وایە خۆی بەربژێر بکات بۆ ئەم پۆستە.
ڕوونکردنەوەکە لەم خاڵانەی خوارەوە پێکهاتووە:
- لەسەر شەقام، لە خوێندنگە و ناو پاسدا لە ڕوخساری ئەو خەڵکانە بڕوانن کە نایانناسن. ئەگەر زانیتان ئەوانە لە ڕەگەز و نەتەوەی ئێوە نین، ڕقتان لێیان نابێت؟ یان لێیان ناترسن؟ ئایا ئەمە کێشە نییە؟
- وەرن با دەست لەناو دەست نێین، با ئەم ترس و جەمسەرگیرییە نەهێڵین. با هەڵبژاردنی داهاتوو بکەین بە ئاهەنگی دیموکراسی و برایەتی. بڕوابکەن دەتوانین، بڕوابکەن و با بیکەین.
- تورکیایەکی بەهێز، بە دیموکراسییەکی بەهێز دێتە دی. ئێمە دڵسۆزی و توانا و بەرچاوڕوونیی تەواومان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەپێناو یەکییەتی وڵاتماندا. بڕوابکەن دەتوانین، بڕوابکەن و با بیکەین.
- ئێمە ناچار نین برسی و بێکار و نەداربین. لەسەر گەورەترین گەنجینە دونیا دەژین. دەتوانین هەموومان پێکەوە دادپەروەرانە کۆتایی بەم هەژارییەمان بهێنین. بڕوابکەن دەتوانین، بڕوابکەن و با بیکەین.
- بڕوا بە هەمووشتێک مەکەن کە سیاسییەکان دەیڵێن، بە منیشەوە. تا ٢٤ی حوزەیران ئەوەندە درۆ دەبیستن کە زیاتر لە هەموو ئەو درۆیانەی تا ئێستا لە ژیانتاندا بیستوتانە، جگە لەوەش سوکایەتی و بوختان و هەڕەشە و بەڵێن و ڕق دەبیستن.
- ئەو بتانە زیاد لەپێویست لە چاوی خۆتانا گەورە مەکەن. گیانیکی مۆرلێدراویان هەیە. بڕوابکەن دەتوانین، بڕوابکەن و با بیکەین.
- لە ناختاندا ڕێ بۆ ڕەشبینی و ترس و نائومێدی مەکەنەوە. هەموومان پێکەوە هەوڵ دەدەین و ئومێدەکان دەگۆڕین بۆ ڕاستیی. ئەم هاوینە حوزەیران جوانتر دەبێت. بڕوابکەن وا دەبێت، دەی با وایلێبکەین.