دوو وەجبەی تری ڤاكسین گەیشتنە عێراق
پەیامی کورد ... دوو وەجبەی تری ڤاكسین گەیشتنە عێراق
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، دوو وەجبەی تری ڤاكسین گەیشتوونەتە عێراق كە زیاتر لە 787 هەزار ڤاكسینە و بەسەر پارێزگاكاندا بە هەرێمی كوردستانیشەوە دابەش كراوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، دوو وەجبەی تری ڤاكسین گەیشتوونەتە عێراق، وەجبەی یەكەم كە 649 هەزار و 350 ڤاكسینە لەلایەن كۆمپانیای فایزەرەوە گەیشتووەتە فڕۆكەخانەی هەولێر.
وەزارەتەكە رونیشیكردووەتەوە، وەجبەی دووەمی ڤاكسینەكەش بەهەمان شێوە ڤاكسینی فایزەرە و لەلایەن دەستپێشخەری "كۆڤاكس"ی سەربە رێكخراوی یونسێفەوە دابین كراوە و بڕەگەی 133 هەزار و 380 ڤاكسینە.
كۆمپانیای گشتی بە بازاڕ كردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكیەكانی سەربە وەزارەتی تەندروستی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، ڤاكسینەكە بەسەر سەرجەم پارێزگاكاندا بە هەرێمی كوردستانیشەوە دابەش كراوە.