ئەفغانستان/ ئەمریکا بەردەوامە لە گواستنەوەی هاووڵاتییان
پەیامی کورد … ئەفغانستان/ ئەمریکا بەردەوامە لە گواستنەوەی هاووڵاتییان
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێت، لە ماوەی (24) كاتژمێری ڕابردوودا نزیكەی (16,000) كەس لە فڕۆكەخانەی كابۆلەوە گواستراونەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئەمریكا هەوڵدەدات تاوەكو (31) ی مانگی هەشت ئەركەكانی گواستنەوەی هاوڵاتیان تەواو بكات.
ژەنەڕاڵ (هانك تەیلەر) بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە، لە ماوەی (24) كاتژمێری ڕابردوودا (61) فڕۆكەی سەربازی و ئابووری و مەدەنی لەگەڵ كۆمەڵێك فڕۆكەی وڵاتانی دیكەدا هاوڵاتیانیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی (حامید كارزای) گواستۆتەوە.
تەیلەر وتیشی، دوێنێ لەكۆی ئەو ژمارەیە (11,000) كەسیان لەڕێی فڕۆكە سەربازییەكانی ئەمریكاوە گواستراونەتەوە.
وتیشی: لە مانگی حەوتەوە تاوەكو ئێستا ئەمریكا (42,000) كەسی لە فڕۆكەخانەی كابۆل گواستۆتەوە، (37,000) كەسیان لەدوای كۆنترۆڵكردنی كابۆلەوە بوو لەلایەن تاڵیبانەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (جۆن كێربی) وتی: لەنێو ئەو كەسانەدا كە گواستراونەتەوە، چەند هەزار هاوڵاتیەكی ئەمریكیان تێدایەو هەزاران ئەفغانیشیان تێدایە كە پێشتر لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكادا كارییان كردووەو داوای ڤیزای كۆچبەری تایبەتیان كردووە، هەروەها ئەو كەسانەشی تێدایە كە مەترسی هەڕەشەكانی تاڵیبانیان لەسەرەو لە ڕێكخراوە ناحكومیەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و كارەكانی دیكە كارییان كردووە.
كێربی وتیشی، ئەمریكا سەنگی خستۆتەسەر ئەوەی لە (31) ی مانگی هەشتدا سەرجەم ئەركەكانی گواستنەوەی ئەمریكییەكان لە ئەفغانستان تەواو ببێت، ئەو كاتەش لەلایەن سەرۆكی وڵاتەكە (جۆو بایدن) ەوە داندراوە.
ئەمەش كشاندنەوەی ئەو (5,800) سەربازەی ئەمریكا دەگرێتەوە كە لە (14) ی مانگی هەشتەوە لە فڕۆكەخانەی كابۆل جێگیركراون و ئەركەكانی گواستنەوەی هاوڵاتیان دەپارێزن، هەروەها ئەو كەلوپەلانەشیان كە بەهۆی ئەركەكانیانەوە هێناویانەتە فڕۆكەخانەی كابۆلەوە.
بەرپرسانی ئەڵمانیاو بەریتانیاو فەرەنسا وتیان، گواستنەوەی هاوڵاتیانیان پێدەچێت لە دوای (31) ی مانگی هەشتیشەوە بەردەوام بێت، هەروەها وتیشیان: دەیانەوێت هێزەكانی ئەمریكاش لە فڕۆكەخانەی كابۆل بمێننەوە یارمەتی ئەركە نێودەوڵەتیەكانی گواستنەوەی هاوڵاتیان بدەن.