هەڵۆكانی روسیا داوا دەکەن، وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریكا بدەنەوە
پەرلەمانتارە هەڵۆكانی روسیا داوایەكیان ئاڕاستەی ڤلادیمێر پۆتن، كردووە، كە مووشەكی ئەمەریكی لەكاتی ئەنجامدانی گورزی سەربازی لەسوریا بكرێتە ئامانج.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ی بەریتانی، وەزارەتی بەرگری روسیا راهێنانی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی مووشەكی ئەمەریكی لەجۆری كرۆز كردووە.
لەماوەی رابردووشدا، فەرماندە سەربازییەکانی روسیا ئاشکرایانکردبوو، کە هێزەكانیان ئامادەن بۆ خستنەخوارەوەی هەر موشەكێكی جۆری تۆماهۆكی ئەمریكی لەكاتی هێرشكردنە سەر سوپای سوریا.
رۆژنامەکە لەزاری شیكەرەوانی سەربازییەوە بڵاویکردووەتەوە، کە گومانیان هەیە سیستمی موشەكی (S400)ی روسی بتوانێت مووشەكی تۆماهۆكی ئەمریكی بوەستێنێت.
جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی (٨)ی ئەم مانگە، هێرشی كیمیایی كرایە سەر شاری دومای غوتەی رۆژهەڵات، كە بەهۆیەوە زیاتر لە (٦٠) كەس كوژراون و هەزار كەسی دیكەش برینداربوون، هەریەکە لەئەمریكا و فەڕەنسا ماوەی (٧٢) كاتژمێریان بۆ هێرشكردنەسەر هێزەکانی سەر بەحكومەتی بەشار ئەسەد دیاریكردووە.