هەپەگە ڕایگەیاند لە دەریای ڕەش چالاکییان ئەنجامداوە
هەپەگە ڕایدەگەێنێت “هێزەکانیان لە دەریای ڕەش چالاکییەکیان ئەنجام داوە و پێنج سەربازی تورکیایان کوشتووە.
ئەمڕۆ دوشەممە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکان لە دەریای ڕەش لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی شەهید ئۆزان و شەهید ڕۆزا دەرسیم-دا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە ڕایگەیاندوە “سوپای تورکیا لە ٤ی نیسان لە نێوان تۆنیا ترابزۆن و ناوچەی کورتونی گوموشانیە لە دەریای ڕەش، بە فڕۆکەی سیخوڕی و ئۆتۆمبێلی سەربازی دەستیان بە ئۆپراسیۆن کرد، ڕۆژی دواتر گەریلاکانی هەپەگە لە دژی ئەو ئۆپراسیۆنە چالاکییان ئەنجام دا”.
دەربارەی ئەنجامی چالاکییەکە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماژەی بەوەداوە “لەو چالاکییەدا بەهۆی نزیکی چالاکییەکەوە سەربازانی تورکیا هەڵهاتوون و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، جگە لە چەندین بریندار، هێزەکانمان چونەتەسەر تەرمی پێنج سەرباز، ئۆپراسیۆنیش لە سنوورەکە بەردەوامیی هەیە”.
ناوەندەکەی هەپەگە ئەوەشی وتوە “لە ٧ی نیسان کاتژمێر ١٠، فڕۆکەی جەنگی تورک بۆمبیان بەسەر هەرێمی هەفتانیانی سەر بە هەرێمی پاراستنی مەدیا-یان باراندووە، هەروەها لە ڕۆژی ٨ی نیسان لە کاتژمێر ١٣ فڕۆکەی جەنگی هەرێمی خواکورک بۆردوومان کردووە”.