هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانی بەلەد
پەیامی کورد … هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانی بەلەد
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، بە کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین و چەند کاتیۆشایەک لە نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتوونەتەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکە بێ ئەوەی ئاماژە بکات بە هیچ زیانێکی هێرشەکان، تەنها ئاماژەی بەوەکردووە، ٣ موشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی ئاسمانی بەلەد کراوە.
زیا موحسین فەرماندەی بنکەی ئاسمانی بەلەد دەربارەی هێرشەکە لە لیدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکان بە سێ موشەک ئەنجام دراوە و لە قەزای خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالەوە ئاراستە کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان جگە لە زیانێکی کەمی مادی هیچ زیانێکی گیانییان بەدواوە نەبووە.
دوای هێرشەکەش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ هێزێکی سەربازییان لەناو بنکەی ئاسمانی بەلەد نییە.
بنکەی ئاسمانی بەلەد بە یەکێک لە بنکە ئاسمانییە گرنگەکانی عێراق دادەنرێت و فڕۆکە ئێف شانزەکانی عێراق کە لە ئەمریکا هاوردەی کردوون لەو بنکەیە جێگیر کراون.