هۆشداری وەزیری بەرگری بەریتانیا بە ئێسپانیا
پەیامی کورد ... وەزیری بەرگری بەریتانیا سەبارەت بە كەشتییە جەنگیەکەی ئێسپانیا کە لە نزیك سنووری ووڵاتەكەی جێگیربووە هۆشداری دا و رایگەیاند، ووڵاتەكەی هەمیشە بەرگری لە بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆی دەكات.
گاڤین ویلیامسن، وەزیری بەرگری بەریتانیا لە بەردەم پەرلەمانی ووڵاتەكەی و لە ووڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەو كەشتیە جەنگیەی ئیسپانیا لە ناوچە ئاویەكانی نزیك جبرالتار (جبل تارق) وتی، وڵاتەكەی هەمیشە بەرگری لە بەرژەوەندییە سیاسییەكانی دەكات.
ئەوە لەكاتێكدایە، بەرپرسانی ناوچەی جبرالتار، یەكشەممەی رابردوو رایانگەیاندبوو، ئەو كەشتیە جەنگییەی ئیسپانیا لە هەوڵی ئەوەدابووە رێنمایی بدات بە كەشتیە بازرگانیەكان بەمەبەستی دووركەوتنەوە و جێهێشتنی ناوچە ئاوییەكانی سنوری ووڵاتی بەریتانیا، بەڵام هێزە دەریاییەكانی بەریتانیا رێگرییان لە كەشتیەكەی ئیسپانیا كردوە لەكاتێكدا ئەو كەشتیە لە سنوورەكانیان دوربو.
ویلیامسن لەبەردەم پەرلەمانی ووڵاتەكەیدا لە وەڵامی پرسیارەكان لەبارەی ڕاستی ڕووداوەكەوە ووتی، "ئێمە هەمیشە ئامادە دەبین بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندیە نیشتیمانیەكانی ووڵاتەكەمان و سەروەری خاكی بەریتانیا".
جبرالتار، هەرێمێكی سەر بە ووڵاتی بەریتانیایە و دەكەوێتە سنوری باشووری ووڵاتی ئیسپانیا، كە ناوچەیەكە لە زنجیرەیەك بەردی جیبرالتار پێكدێت، پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادا بوە و لە ساڵی 1713 دا بەریتانیا لەو ناوچەیە دەسەڵاتی گرتوەتە دەست.