كەنداوی عەرەبی گرژی خستە نێوان عیراق و ئێرانەوە
پەیامی کورد... كەنداوی عەرەبی گرژی خستە نێوان عیراق و ئێرانەوە
ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دژ بە بەكارهێنانی وشەی كەنداوی عەرەبی رایگەیاند، ناڕەزایەتییەكانی خۆمان دژ بە بەكارهێنانی ئەو وشە ساختەیە گەیاندوەتە بەرپرسانی بەغدا.
كەنعانی لە لەپرێس كۆنفرانسێكدا بەبێ ناوهێنانی موقتەدا سەدر بە بەكارهێنانی وشەی كەنداوی عەرەبی سەركۆنە كردو رایگەیاند، بەرلەوەی ئەو بابەتە لەمیدیاكاندا باس بكرێت، كۆماری ئیسلامی ئێران لەمبارەیەوە ناڕەزایەتی نیشانداوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەشكردەوە كە كەنداوی فارسی كەنداوی فارسەو هیچ شتێك لەمیانی یارییەكەی تۆپی پێ یان هەڵوێستی بەرپرسانی دەوڵەتانی دەرەوە ناتوانن ئەو راستییە مێژوییە بگۆڕن، ئێمە دەستبەجێ ناڕەزایەتییەكانی خۆمان گەیاندوەتە حكومەتی عیراق و بەدواداچونیشی بۆ دەكەین.
پێشتر موقتەدا سەدر لە تویتێكدا بەبۆنەی دەستپێكردنی جامی كەنداو نوسیبوی بەخێرهاتنی میوانانی عەرەب بۆ كەنداوی عەرەبی دەكەین، هاوكات محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دەستپێكی یارییەكانی جامی كەنداودا بە هەمان شێوەی كەنداوی عەرەبی بەكار هێنا.