قەتەر و بەحرێن پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە
پەیامی کورد... قەتەر و بەحرێن پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە
قەتەر و بەحرێن بڕیاریان دا پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەرێتی، سەربەخۆیی، پاراستنی یەکپارچەیی خاک .
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی قەتەر بڵاوی کردەوە، دووەم کۆبوونەوەی لیژنەی چاودێری قەتەر و بەحرێن گەیشتووەتە ئەنجام.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە لە سکرتاریەتی ئەنجوومەنی هەماهەنگی کەنداو لە ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوە چوو، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی ئەمنی و لیژنەی هاوبەشی یاسایی تاوتوێ کرا.
هەردوولا بڕیاریان دا بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و پێشخستنیان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەرێتی، سەربەخۆیی، پاراستنی یەکپارچەیی خاک و هاوسێیەتی باش.
لە میانی لووتکەی عولا لە پێنجی کانوونی دووەمی 2021 هەریەک لە سعوودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن لە سعوودیە بڕیاریان دا کۆتایی بەو بایکۆتە بهێنن کە زیاتر لە سێ ساڵ بوو خستبوویانە سەر قەتەر، بەڵام بەهۆی چارەسەرنەکردنی ژمارەیەک کێشە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان دۆحە و مەنامە دوا کەوت.