خەڵکی باغۆز و ئەندامانی داعش بە لێشاو پەنا بۆ شەڕڤانان دەبەن
پەیامی کورد ... هاووڵاتیان شارۆچکەی باغۆز و ئەندامانی داعش بە لێشاو لەناوچەکانی خۆیان هەڵدێن و بەرەو ژێر دەستی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات " هەسەدە " دەچن.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەڵهاتنی لێشاوی هاووڵاتیانی باغۆز کە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدایە لەگەڵ چەکدارانی داعشدا بەردەوامە و بە ئەندازەی شەپۆلێکی گەورەی مرۆییە.
زیاتر لە چوار هەفتەیە هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە " چاوەڕوانن سەرکەوتنیان بەسەر خەلافەتەکەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا ڕابگەینن، بەڵام واپێدەچێت مۆڵگەیەکی بچووکی گەمارۆدراو کە کەوتوەتە نێو ناوچەیەکی چۆڵەوە لە کەناراوەکانی ڕوباری فورات تا ئێستاکە کۆتایی نەهاتبێت.
بەپێی ئاژانسە فەرەنسیەکە، "لێشاوی ئەو خەڵک و ئەندامانەی داعش کە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن لەسەرو هەموو چاوەڕوانیەکەوە بوو".
لەکاتێکدا دەیان هەزار ژن و مناڵ و پیاو، هەر لەمانگی 12ی 2018 ەوە تا ئێستا لەمۆڵگە بچوکەکەی داعشوە دێنە دەرەوە، کە کەوتوەتە ڕۆژهەڵاتی سوریاوە واتا باغۆز، زۆربەیان بەهۆی شەڕو گەمارۆکەوە هەڵاتوون.
هەندێک لەو هاوڵاتیانە لەڕێگەی بارهەڵگرەکانەوە گوازراونەتەوە بۆ کەمپی ئەلهول، لەوکاتەدا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشەکانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە شارۆچکەکە خاوکردەوە بۆئەوەی ئەو خەڵکە نەبنە قوربانی، بەڵام تا ئێستا شارۆچکەکە لەلایەن شەڕڤانان و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە گەمارۆدراوە.