TR KU SO
FB X
Cîhan

لە عێراق ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێت

Navas Jan
Admin
📅 14 Eylül 2022 20:27


پەیامی کورد... لە عێراق ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێت

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی ڕابردوودا ٢١ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری و ٦ هەزار و ٤٩١ جیابوونەوەش تۆمار کراون، بەو پێیەش ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق هەیە.
ئەنجوومەنەکە ئاماری مانگی ڕابردووی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی لە عێراق بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ژمارەی پرۆسەی هاوسەرگیری لەو مانگەدا ٢١ هەزار و ١٤٢ حاڵەت بووە، بەغدا پشکی شێری بەرکەوتووە و ٥ هەزار و ٢٩٨ حاڵەت تۆمار کراون، هەروەها لە کۆی حاڵەتەکان ١٧ هەزار و ٨٣٣ی لەناو دادگاکان تۆمار کراون و ٣ هەزار و ٣٠٩ حاڵەتیش لە دەرەوەی دادگاکان.
سەبارەت بە حاڵەتەکانی جیابوونەوە هاتووە، هەر لە مانگی ئابدا ٦ هەزار و ٤٩١ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش ٥ هەزار و ٦٣٦یان لەناو دادگاکان بوون و هەزار و ٨٥٥یشیان لە دەرەوەی دادگاکان، بە هەمان شێوە بەغدا پشکی شێری بەرکەوتووە و ٢ هەزار و ٣١١ جیابوونەوە تۆمار کراون.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق تۆمار دەکرێن و ئەوەش ڕێژەیەکی بەرزە، شارەزایان باس لەوە دەکەن کە زۆرینەی هۆکارەکان بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی و کێشەی ئابووریی دەگەڕێنەوە.
 

Paylas: