ڤلادیمیر پووتین دانینا بە سەربەخۆیی هەر دوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنیتسکی
پەیامی کورد... ڤلادیمیر پووتین دانینا بە سەربەخۆیی هەر دوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنیتسکی
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین مەرسومی داننان بە سەربەخۆی هەر دوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنیتسکی هەرێمی دۆنباسی سەر بە ئۆکراینای واژۆ کرد.
میدیاکانی ڕووسیا بڵاویانکردەوە، ڤلادیمیر پووتین بە ئامادەبوونی دینیس پوشلین سەرۆک کۆماری دۆنیتسک و بیۆنید پاشیچنیک سەرۆک کۆماری لۆگانسک، مەرسومی دانپێدانانەکەی واژۆ کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا پووتین ڕێککەوتنی هاوکاری و یارمەتیدانی لەنێوان ڕووسیا و ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ کرد.
پێشتر کۆشکی کریملن ڕایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین داندەنێت بە سەربەخۆی هەر دوو ناوچەی دۆنیتسک و لۆگانسک لە هەرێمی دۆنباس کە لە ئۆکراینا جیابوونەتەوە.
کۆشکی کریملین ئاشکرایکردبوو، «ڤلادیمیر پووتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجام داوە، پێێراگەیاندوون کە لە داهاتوویەکی نزیکدا مەرسوومی تایبەت بە دانپێدانانی ئەو دوو ناوچەیە واژۆ دەکات».
هەر ئەمڕۆش دینیس پوشلین سەرۆک کۆماری دۆنیتسک و بیۆنید پاشیچنیک سەرۆک کۆماری لۆگانسک کە هەر دوو وڵاتەکە ساڵی 2014 لە ئۆکراینا جیابوونەتەوە و هیچ وڵاتێک تا ئێستا دانی پێدانەناون، لە دوو پەیامی ڤیدیۆییدا داوایان لە ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا کرد دان بەو دوو وڵاتەدا بنێت و لە کاروباری بەرگری و سەربازیدا زیاتر هاوئاهەنگین.
ئێوارەی دوێنێ پووتین لەگەڵ هەر دوو ئەنجوومەنی دۆما و ئاسایشی ڕووسیادا لەبارەی ئەو دوو داوایەوە کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، هەر ئەمڕۆ لەبارەی داننان بە سەربەخۆیی هەر دوو کۆماری دۆنیتسک و لۆگانسک-ەوە بڕیار دەدات.