لافاوەکەی بەڕازیل ١٣٦ قوربانی لێکەوتەوە
پەیامی کورد... لافاوەکەی بەڕازیل ١٣٦ قوربانی لێکەوتەوە
قوربانییانی ئەو لافاوەی دوابەدوای بارانی بەهێز شاری پیترۆپۆلیس-ی گەشتیاریی نزیک لە ڕیۆ دی جانیرۆ-ی بەڕازیلی گرتەوە گەیشتە ١٣٦ کەس، هەوڵەکانیش بۆ ڕزگارکردن و گەڕان بەدوای ڕزگاربووان درێژەی هەیە.
بەپێی میدیاکان، هەڵمەتەکانی گەڕان لە پیترۆپۆلیس بۆ چوارەم ڕۆژە درێژەی هەیە، بەرپرسانی تیمەکانی بەهاناوەچوون پێیانوایە ڕزگارکردنی کەسانێک لەژێر دار و پەردووە ڕامالراوەکان ئەگەری هەیە، لە کاتێکدا ژمارەی قوربانییان بۆ ١٣٦ کەس بەرز بووەتەوە.
بەپێی پەیمانگای پزیشکیی دادوەریی بەڕازیل، لەنێو قوربانییاندا ٢٢ منداڵ و تازە لاو هەیە، هەر وەک ٢١٣ کەسی دیکەش لە ڕیزی بێسەروشوێن بوو واندان.
ناوچەکە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا نزیکەی ٢٦٠ ملیمەتر بارانی بە خۆیەوە بینی، واتە زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا لە تەواوی مانگی شوباتدا ببارێت.
هەروەها نزیکەی ٣٠٠ کەس بۆ ناوەندەکانی پاراستن کە زۆرینەیان لە قوتابخانەکاندا کراونەتەوە گوازرانەوە.