لە هیندستان دەیان کەس بە هۆی شەپۆلی گەرما گیانیان لە دەست دا
پەیامی کورد... لە هیندستان دەیان کەس بە هۆی شەپۆلی گەرما گیانیان لە دەست دا
بە هۆی ئەو شەپۆلی گەرمایەی رووی لە هیندستان کردوە، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لە دەستداوە بۆ ٩٨ کەس بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ماڵپەڕی هیندستان تایمز بڵاوی کردەوە، لە ویلایەتی ئوتار پرادێش ٥٤ کەس و لە ویلایەتی بیهار ٤٤ کەس بەهۆی گەرمای لە رادەبەدەرەوە گیانیان لە دەستداوە.
لەلایەن خۆیەوە، حکومەتی هەرێمى ئوتار پرادێش، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە لە گیان لە دەستدانەکان دەستی پێ کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە هەردوو ویلایەتی ئوتار و پرادێش پلەکانی گەرما گەیشتووەتە ٤٥ پلەی سەدی.
هەروەها، لە پتنای پایتەختی ویلایەتی بیهار، دەوام لە تەواوی ناوەندەکانى خوێندن تاکو ٢٤ی حوزەیران کراوەتە پشوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هیندستان رایگەیاند، پلەکانی گەرما لە ناوچەی بالیا له پارێزگای ئوتار پرادێش بۆ ٤٢,٢ پلەی سەدی بەرزبووەتەوە کە ئەمەش لە سەروی پلەی گەرمای وەرزیەوەیە.
پزیشکەکان ئاشكرایان كرد، له ماوهی دوو رۆژی رابردوودا له ئوتار پرادێش ٣٤ كهس و له بیهار ١٢ كهس، كه كۆی گشتیان دهكاته ٤٦ كهس گیانیان له دهستداوه و به پێویستیان زانی ئەوانەی تەمەنیان لە سەروی ٦٠ ساڵەوەیە نابێت بچنە دەرەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە تەمەنیان لە سەروی ٦٠ ساڵەوەیە و رەنگە گەرما کاریگەری خراپی کردبێتە سەر ئەو نەخۆشیانەی هەیانبوە.