لە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی ئێران چەندین چەکداری ئەو گرووپە لەناو چوون
پەیامی کورد ... لە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی ئێران چەندین چەکداری ئەو گرووپە لەناو چوون
ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو لە هێرشێکدا چەندین میلیشای چەکداریان لە سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریا کە لە حاڵی دانانەوەی ماددەی تەقەمەنی بوون، کردووەتە ئامانج.
ئەرتشی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە: ''ئێمە بۆ هەر سێناریۆیەک ئامادەیەن و ڕێژیمی سووریا بە بەرپرسی هەموو ئەو ڕووداوانە دەزانین".
لە ڕوونکردنەوەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە ئەم گرووپەیان لە حاڵی دانانەوەی ماددەی تەقەمەنی لە نزیک بنکەیەکی پاسەوانی سنووری دیتووە و بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی تەقەیان لێ کراوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوای ئەوەی کە لە ئاکامی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی میلیشیا چەکدارەکان لە باشووری دیمەشق کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، یەکێک لە ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان کوژرا و گرژییەکان لە سنوورەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا و لوبنان پەرەی سەندووە.
ئیسرائیل لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابروودا وێڕای جێگیرکردنی زیاتری هێزەکانی خۆی لە سنووری لوبنان و سووریا ، ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی سووریا بەرپرسی ئەم هێرشانەیە و بە هیچ شێوەیەک پێشێلکردنی سەروەری ئیسرائیل قەبووڵ ناکات.