لە خۆپێشاندانەکەی لایەنگرانی ترامپ ٤ کەس کوژراون
پەیامی کورد ... لە خۆپێشاندانەکەی لایەنگرانی ترامپ ٤ کەس کوژراون
پۆلیسی واشنتن رایگەیاند، لە رووداوەکانی دوێنێی کۆنگرێسی ئەمریکا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان ژنێک بوو فیشەک بەر سنگی کەوتبوو، سیانەکەی دیکە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییانەوە گیانیان لەدەستداوە.
باس لەوەشکراوە، ژمارەیەک کەس دەستگیر کراون کە ژمارەیان ٥٢ کەسە، ٤٧ لەو کەسانە بەهۆی شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە بووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵیەوە لە رووداوەکان کردوە و لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ئەو ژنەش دەکرێت کە بە دەستی پۆلیس کوژراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ١٤ پۆلیس بريندارکراوە لە روداوەکانی دوێنێ ئێوارەی کۆنگرێسدا.
پۆلیسی واشنتۆن باسی لەوەشکرد، رووداوەکانی دوێنی ناڕەزایی ئاشتییانە نەبوون، بەڵکو کاری نایاسایی و ئاژاوەگێڕیی بوو.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن کۆبووەوە، بەڵام لایەنگرانی ترەمپ چوونە ناو باڵەخانەکەوە و بەوەش کۆبوونەوەکەیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک راگرت.