لە نێوان هەسەدە و داعش شەرێکی گران ڕوویدا
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ڕوباری فوڕات-ی داوە، پێكداهەڵچوونی توندیش لەنێوان چەكدارەكانی ڕێكخراوەكە و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە نزیك كێڵگەیەكی نەوتی لەو ناوچەیە ڕویداوە.
ئەمڕۆ چوار شەممە 25ی نیسانی 2018، ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “پێكداهەڵچوونی توند لە مێحوەرەكانی دەورووبەری بیرە نەوتییەكانی سەر بە كێڵگەی ئەلعومەر نەوتی ڕویدا، كاتێك چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر پێگەیەكی هێزەكانی سووریای دیموكرات”.
ڕەوانگەكە دەڵێت، “پێكداهەڵپژانەكە چەند كاتژمێرێك بەردەوام بووە، دواتر چەكدارەكانی داعش پاشەكشەیان كردووە بۆ پاشماوەی ئەو ناوچانەی لە ڕیفی خۆرهەڵاتی دێرەزور لەژێر دەستیاندا ماوە”.
هەر بەپێی بەیاننامەكەی ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە پێكداهەڵپژانەكەدا ژمارەیەك كوژراون و ژمارەیەكی تر بریندار بوون لەو شوێنەی نزیكە لە كێڵگەی ئەلعومەر، كە هێزە ئەمریكاییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا جێگیركراوە.