پلاندانانی عێراق: نزیکەی ٢٥٪ی خەڵکی عێراق هەژارن
پەیامی کورد... پلاندانانی عێراق: نزیکەی ٢٥٪ی خەڵکی عێراق هەژارن
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی هەژاریی لە پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە و یەکێک لە هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی پلانەکانی بووژاندنەوەی بۆ دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەی وڵات گەڕاندەوە.
عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی هەژاری لە عێراق بەردەوام لە گۆڕانکاری و بەرزبوونەوە و دابەزیندایە بەپێی ئەو دۆخەی وڵاتی پێدا تێ دەپەڕێت.
عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە چاودێریی ڕێژەی هەژاری دەکات بە هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٠٧دا ڕێژەی هەژاری ٢٢.٥٪ بوو لە عێراق، بەپێی وتەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دوای جێبەجێکردنی پلانەکانیان بۆ بووژانەوە و کەمکردنەوەی ڕێژەکە لە ساڵی ٢٠١٣دا ڕێژەی هەژاری گەیشتە ١٨٪.
ئاماژەی بەوەکردووە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی ئەوەی عێراق کەوتە ناو قەیرانی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پلانەکە ڕاگیرا و لە ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەکە بەرز بووەوە بۆ ٢٢.٥٪، بەڵام لەو ساڵەدا پلانی دووەمی بووژانەوە جێبەجێ کرا و ڕێژەکە لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆ ٢٠٪ دابەزی.
وتەبێژی پلاندانانی عێراق دەڵێت، لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی جۆراوجۆر ڕێژەی هەژاری بۆ ٣١.٧٪ بەرز بووە و لە ساڵی ٢٠٢١ دوای دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان و کرانەوەی جیهان ڕێژەی هەژاری دابەزی بۆ ٢٥٪.
سەبارەت بە ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا لە ئێستادا عەبدولزەهرە هینداوی وتی، ئێستا ڕێژەکە لەنێوان ٢٣٪ بۆ ٢٥٪دایە و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ ئەوەیە لە ئاستێکی دیاریکراودا ڕایبگرێت و ڕێگە لە بەرزبوونەوەی بگیرێت.
بەپێی چاودێرییەکانی وەزارەتی پلاندانان، ڕێژەی هەژاری لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش بەرزترە و دەگاتە نزیکەی ٤١٪، لە کاتێکدا لە باشووری عێراق ڕێژەکە نزیکەی ٣٢٪ دەبێت، پارێزگای موسەنا لە پلەی یەکەمی پارێزگاکانی وڵاتە لە بەرزیی ڕێژەی هەژاری کە دەگاتە ٥٢٪، دوای ئەو دیوانیە بە ڕێژەی ٤٢٪.
لە پارێزگاکانی ناوەڕاست ڕێژەی هەژاری دەگاتە ١٨٪، لە بەغدا ١٢٪ و لە هەرێمی کوردستانیش ڕێژەی هەژاری ١٢٪یە.