TR KU SO
FB X
Cîhan

لە ئەنقەرە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا کۆبوونەوە

Navas Jan
Admin
📅 06 Kasım 2023 21:25


پەیامی کورد... لە ئەنقەرە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا کۆبوونەوە

کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا لە ئەنقەرە دەستیپێکرد کە بەشێکی سەرەکی تایبەتە بە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل. بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە، کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام بدەن.

میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، کەمێک پێش ئێستا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە باڵەخانەی وەزارەت لە ئەنقەرە، پێشوازی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد، کە نیوەشەوی رابردوو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغداوە گەیشتە ئەنقەرە.

ئەنتۆنی بلینکن کاتژمێر 23:58 خولەکی شەوی رابردوو گەیشتە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە و لەلایەن نامق کەمال، جێگری پارێزگاری ئەنقەرە و یاپراک باڵکان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێشوازی لێکرا.

هەمان رۆژ، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیه‌ندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پرسی غەززە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە 5ـی ترشینی دووه‌می 2023، لە رێوڕەسمی کردنەوەی چەند پرۆژەیەک لە پارێزگای ریزە رایگەیاند، "ئەرکی سەر شانمانە برایانی فەلەستینیمان لە دەست ستەمی ئیسرائیل رزگار بکەین و ئەو تاوانانە رابگرین کە لە غەززە بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام دەدرێن. بەرپرسیارێتیی مرۆیی ئێمەیە ئەوانە رابگرین کە لە چوار لای خاکی فەلەستینەوە منداڵان و ژنان دەکوژن و ماڵی بێتاوانان دەدزن".

سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند، "دڵنیا بن کە ئێمە لە بابەتی فەلەستین و غەززەدا زۆر لەوە زیاتر دەکەین کە بە چاو دەبیندرێت. بەردەوامیش دەبین. هەرگیز برایانمان لە غەززە بێ خاوەن، بێ چارە و بە تەنیا جێنەهێشتووە و جێشیان ناهێڵین".

رۆژی 30ی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل هێرشی زەوینیی بۆ سەر کەرتی غەززە لە پێنج بەرەوە دەستپێکرد. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو کاتەوە 29 سەربازیان کوژراون و زیاتر لە 260 سەربازی دیکەشیان بریندار بوون؛ زیاتر لە 100 تونێلی حەماسیشیان وێران کردوون. ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی کەتائیبی عیزەددین قەسام، باڵی چەکداریی حەماس دەڵێت، "چەکدارەکانمان 24 ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکاندووە، لە تانکەوە بگرە تا زرێپۆش و بیلدۆزەر".

Paylas: