مانۆڕی دەریایی هاوبەشی ڕووسیا ، چین و ئێران ئەنجام دەدرێت
پەیامی کورد ... سەرچاوەیەک لە بەشی دەریای باڵتیک، سەربە سوپای ڕووسیا رایگەیاند، ژمارەیەک لە کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا بە ئامانجی بەشداریکردن لە مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش لەگەڵ چین وئێران بەرەو ناوچەی جابهار لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران بەڕێکەوتون.
بەشی دەریای باڵتیک لە سوپای ڕووسیا لە ڕاگەێنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بەشێک لە کەشتییە جەنگییەکانی ناوچەی باڵتیک لە سوپای ڕووسیا کە کەشتی سەربازی یارۆسلاڤ مۆدری چاودێرییان دەکات بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش بەرەو ناوچەی جابهاری ئێرانی بەڕێکەوتوون.
سوپای ئێران-یش ئاماژەی بەوەكردوە، رێكەوتی ٢٧ی ئەم مانگە بە هاوبەشیی ڕووسیا و چین لە کەنارئاوەکانی زەریای هێندی مانۆڕێکی دەریایی فراوان بەڕیوەدەبەن، باڵیۆزی ئێرانیش لە مۆسکۆ روونیکردوەتەوە ئەو مانۆڕە ماوەیەکی زۆرە بەرنامەی بۆ دانراوە بەڵام جووڵەکانی ئەمدواییەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا بوە هۆی ئەوەی مانۆڕەکە دوابخرێت.
هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەوبارەیەوە ووتی "ئامانجی مانۆڕەکە روبەروبونەوەی تیرۆر و ئەو گرووپانەیە کە کاری چەتەگەری دەریایی دەکەن بە تایبەتی لە کەنارئاوەکانی زەریای هیندیدا".