کۆمکاری عەرەبی هێرشەکەی سەر زاخۆی مەحکووم کرد
پەیامی کورد... کۆمکاری عەرەبی هێرشەکەی سەر زاخۆی مەحکووم کرد
کۆمکاری عەرەبی، بۆردوومانکردنی ناوچەیەکی گەشتیاریی زاخۆی مەحکووم کرد و داوای لە تورکیاش کرد بنەماکانی دراوسێتی بپارێزێت.
جەمال ڕوشدی، وتەبێژی کۆمکاری عەرەبی لەسەر زاری ئەحمەد ئەبوغێت، سکرتێری گشتیی ئەو کۆمکارە، ڕایگەیاند، "ئەوە دەستدرێژیی تورکیایە بۆ سەر سەروەری عێراق و بە تەواوی مەحکوومی دەکەین، ئەمە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراسێیەتییە".
ئەو، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە، "هەر جۆرە دەستدرێژی یان پێشێلکردنی سەروەری وڵاتانی عەرەبی مەحکووم دەکەین. پێویستە ئەنقەرە جارێکی دیکە بەسەر بنەماکانی دراوسێتی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بچێتەوە و بیپارێزێت. ئەنقەرە دەبێت خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە هەر وڵاتێکی عەرەبی و بە هەر بیانوویەک، بپارێزێت.
ئەوە لە کاتێکدایە کە مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دووپاتی کردووەتەوە کە سوپای ئەو وڵاتە هێرشەکەی نەکردووە.
چاوشئۆغڵو دەڵێت، "بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکان، ئامادەی هاوکارین، تورکیا ناوچەی مەدەنی ناکاتە ئامانج".
دوێنێ ٢٠/٧/٢٠٢٢ هاوینەهەواری گوندی پەرەخێ لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ تۆپباران کرا و لە ئەنجامدا ٩ گەشتیاری عەرەب شەهیدبوون و زیاتر لە ٢٥ گەشتیاری دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتاران و بەرپرسان، تەرمی ٩ شەهیدەکە بەرەو بەغدا بەڕێکران.