ژمارەیەك کۆنگرێسمان داوا دەکەن بایدن فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا بنێرێت
پەیامی کورد... ژمارەیەك کۆنگرێسمان داوا دەکەن بایدن فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا بنێرێت
12 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکەن فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا رەوانە بکات.
حەوت ئەندامی دیکەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگیان خستە پاڵ دەنگی ئەو پێنج ئەندامەی کۆنگرێس کە ئەندامی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانن و لە 16ی شوبات لە نامەیەکدا داوایان لە بایدن کرد فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا رەوانە بکات.
ئەو کۆنگرێسمانانە داوایان لە بایدن کردووە بەزووترین کات فڕۆکەی F-16 یاخود فڕۆکەی جەنگیی هاوشێوە کە لە نەوەی چوارەمن و لەلایەن ئۆکرانیاوە داوا کراون، بخرێنە ناو لیستی پشتیوانییە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا.
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم جۆرە فڕۆکانە رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی کایەی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە بەرامبەر زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانی رووسیا لەم ماوەیەی دواییدا، ئەوان سەرنجیشیان خستووەتە سەر ئەوەی کە بەهۆی ئەوەی راهێنانی فڕۆکەوانانی بەئەزموون بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە فڕۆکانە، کاتی دەوێت، بە پێویستیان زانیووە ئەم بڕیارە تا زووە دەربکرێت.
ئەو 12 ئەندامەی کۆنگرێس سەرنجیان خستووەتە سەر ئەوەی کە پێدانی فڕۆکەی جەنگیی نەوەی چوارەم بە ئۆکرانیا دەبێتە وەبەرهێنانێکی ستراتیجیی و لەمڕووەیشەوە ئەمریکا دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پێشەنگایەتیدا.
هەریەک لە دان بەیکن، مایک گاڵیبر، تۆنی گنزاڵێز لە کۆمارییەکان و مارسی کاپتر، سوزن وایڵد، رایدڵی شنایدەر، ئابیگێڵ سپێنبەرگر، جیم کاستا، جیمی پنێرا، جەیسن کرۆو، کریسی هواهێن و جێرید ئێف، گۆڵدن لە دیموکراتەکان، واژوویان لەسەر داواکارییەکە کردووە.