TR KU SO
FB X
Cîhan

ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ئەڵمانیا بۆ ١٤١ کەس بەرز بوویەوە

Navas Jan
Admin
📅 18 Temmuz 2021 13:52

پەیامی کورد … ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ئەڵمانیا بۆ ١٤١ کەس بەرز بوویەوە

 

ژمارە ئەو کەسانەی کە بەھۆی لافاوەکانی ھەرێمەکانی راینلاند-پلاز و باکووری-راین ڤێستفالیا لە رۆژئاوای ئەڵمانیای، گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٤١ کەس بەرزبوویەوە.

 

لەو راگەیەندراوەی کە لە پۆلیسی شارى کۆبلێنزەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ھەرێمی راینلاند-پلاز بەھۆی کارەساتی لافاوەکەوە گیانیانلەدەستداوە بۆ ٩٨ کەس بەرزبووەتەوە.

 

لە کاتێکدا ژمارەى گيانلەدەستدان بەھۆی لافاوەکانەوە لە ھەرێمی باکووری-راین ڤێستفالیا بە ٤٣ کەس تۆماركرابوو و هيچ زيادبوونێك رووينەداوە، کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە سەرانسەری وڵاتەکە بەھۆی فشارەکانی ئاو و لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٤١ کەس بەرزبوویەوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، ٦٧٠ کەسیش برینداربوونە و کارەکانی گەڕان و رزگارکردن ھێشتا بەردەوامە.

 

ھاوکات، بەپێی راگەیەندراوێکی یەکێتی ئاگرکوژێنەوە (VdF)، چوار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە نێو ئەو کەسانەن کە لە ھەرێمی باکووری-راین ڤێستفالیا بەھۆی لافاوەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەوە راگەیەندرا کە راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگیلا مێرکل، سبەی سەردانی شارەدێی شوڵد کە لە ھەرێمی راینلاند-پلاز کەوتووەتەژێر کاریگەریی لافاوەکەدا، دەکات.

 

لە کاتێکدا کارەکانی گەڕان و بەدواداچوون لەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی لافاوەکە بەردەوامە، کارەکانی پاککردنەوە و لادانی ئەو دار و پەردووانەی کە لافاوەکە لەگەڵ خۆی رایکێشاوە، دەستى پێكراوە.

Paylas: