ماکرۆن بانگەشەی چارەی گرژییەکانی ئۆکراینا دەکات
پەیامی کورد... ماکرۆن بانگەشەی چارەی گرژییەکانی ئۆکراینا دەکات
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، یەکەم سەرۆکی ڕۆژئاوا بووە کە لەگەڵ پووتیندا کۆ ببێتەوە لەو کاتەوە ڕووسیا سەربازانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا جێگیر کردووە، پاش ئەو کۆبوونەوەیەش، ڕاستەوخۆ بۆ ڕۆژی دواتر کە دەکاتە دوێنێ سێشەممە 8ی شوباتی 2022، لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرایناش کۆبوویەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەر لە هەواڵێکدا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ماکرۆن داوای ئارامیی دەکات لە وڵاتانی جیهان و گەشبینە بە هەنگاوەکان بۆ چارەسەری تەنگوچەڵەمەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بە شێوەیەکی ئاشتییانە.
ماکرۆن تا ئێستا هیچ شتێکی یەکلاییکەرەوەی باس نەکردووە، بەڵام ڕای گەیاندووە، گفتوگۆکانی لەگەڵ پووتیندا "هەنگاوی گرنگ" بوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
پاش کۆبوونەوەکەی نێوان ماکرۆن و پووتین، ماکرۆن لەگەڵ زێلینسک کۆبوویەوە و پێی ڕاگەیاندووە پووتین ئامادەی گفتوگۆیە و نیازی داگیرکردنی ئۆکراینای نییە؛ بەڵام سەرۆکە ئۆکراینییەکە گومانی لە پووتین هەیە.
ئەو لە پاش کۆبوونەوەکەی نێوان خۆی و ماکرۆن ڕایگەیاند، "من بەتەواوی بڕوا بە قسە ناکەم، پێم وایە هەموو سیاسەتمەدارێک دەتوانێت هەڵوێستی خۆی بە هەنگاونانی کۆنکرێتیانە ڕوون بکاتەوە".